دەست بە جێبەجێکردنى قۆناغی دووەمی پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی 8 هەزاری فەرمانبەران کرا
بەگوژمەى (700 ملیون دینار)، دەست بە جێبەجێکردنى قۆناغی دووەمی پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی 8 هەزاری فەرمانبەران کرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2022.12.12، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانی چوار و ژمارەیەکى دیکە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، بەگوژمەى (700 ملیون دینار) لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، دەست بە جێبەجێکردنى قۆناغی دووەمی پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی 8 هەزاری فەرمانبەران.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "ئەم ساڵ جگە لەم پڕۆژەیە، چەندین پڕۆژەى دیکەى خزمەتگوزاریمان لەم گەڕەکە و گەڕەکەکانى ترى شارەکەمان جێبەجێکردووە، بۆ ئەو ماوەیەشى کە لە بەردەست ماوە بۆ کارکردن هەوڵى زیاتر دەدەین بۆ گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بە دڵنیاییەوە بۆ ساڵى ئایندەش بە پشتیوانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گرنگى زیاتر و خزمەتگوزاریى باشتر پێشکەش بە سنوورى پارێزگاکەمان دەکەین".
پارێزگارى هەولێر، دڵنیایشی بە هاوڵاتیاندا لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر هەموو ئەو شوینانەى کە ماون و دەستى خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە، دەستى خزمەتگوزاریى و ئاوەدانىان بە شێوەیەکى یەکسان پێدەگات و ڕایگەیاند: " ئێمە لە خواست و داواکارى هاوڵاتییانى خۆمان دەگەین، پشتیوان بەخودا بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست لە کەمترین ماوەدا زۆرترین پڕۆژە خزمەتگوزارییە دهگێنینه سهرجهم ناوچەکانى سنوورى پارێزگاکەمان. ".
جێگەى باسە، قۆناغى دووەمى پڕۆژەى قیڕتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەرەکی 8 هەزارى فەرمانبەران، بەگوژمەى (700 ملیون دینار) لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و بەشێوەی بەلێندەرایەتی جێبەجێ دەکرێت، کەپێکهاتووە لە 45 شەقام، لەئێستادا 14 شەقامى قیڕتاوکرا و 7 شەقامیشى ئامادەیە بۆ قیرتاوکردن بە بڕی 6800م2.