پارێزگاری هەولێر: "دەرگامان بەڕووی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانى وڵاتان کراوەیە، کە دەیانەوێت بێنە هەولێر و کار بکەن"

پارێزگاری هەولێر:

پارێزگاری هەولێر: "دەرگامان بەڕووی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانى وڵاتان کراوەیە، کە دەیانەوێت بێنە هەولێر و کار بکەن"

ئەمڕۆ دووشەممە 2022.12.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە ئەمیرە نەبیل لوتفى، کونسڵى بازرگانى کۆمارى میسرى عەرەبى لەهەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى ئەوەى هیوای سەرکەوتنی لەکارەکانی بۆ کونسڵى بازرگانى کۆمارى میسرى عەرەبى لەهەولێر خواست، ئاماژەی بەوەدا ئێوە لەماڵی خۆتانن، وەک پارێزگای هەولێر ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکن لەگەڵتان، پاشان باس لە پەیوەندییەکانی هەردوولا کرا و تیشک خرایە سەر بارودۆخی ناوچەکە بەگشتیی و کوردستان بەتایبەتی و لەلایەن هەردولاشەوە تەئکید لە پەرەپێدانی زیاتر و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە.

لەلایەن خۆیەوە کونسڵى بازرگانى کۆمارى میسر، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییەی کە لێیکرا و تەئکیدی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان هەولێر و میسر کردەوە. لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "وەک هەولێر، خوازیارى ئەوەین جگە لە پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانمان لەگەڵ وڵاتان، پەرە بە پەیوەندی بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوانمان بدەین، دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانى وڵاتان کراوەیە کە دەیانەوێت بێنە هەولێر و کار بکەن، ئێمەش وەک پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان هەموو ئاسانکارییەکیان پیشکەش دەکەین".