دوو مانگ مۆڵەتدرا بە خاوەنى زەوییە سندووقیەکان بۆ پێشکەشکردنى داواکارییەکانیان
دواى بڕیارى سەرۆکى حکومەت و لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون، دوو مانگ مۆڵەتدرا بە خاوەنى زەوییە سندووقیەکان بۆ پێشکەشکردنى داواکارییەکانیان
دواى ئەوەى لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆكی حکومهتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 2022.12.12، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ دانانى میکانیزمێکى تایبەت بۆ جێبەجێکردنى ئەم بڕیارە و چۆنیەتى گرتنەبەرى ڕێکارەکانى پێشکەشکردنى داواکارى هاوڵاتییان، لەگەڵ سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆ لە بارەى چۆنیەتى چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنى میکانزمێک بۆ چارەسەرکردنى گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەوی سندووقی، کە چەپ و ڕاستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراوەتە خانوو، بەڵام تائێستا رێگە نەدراو ئەو پارچە زەویانە بکرێنە خانوو کرا، تیشک خرایە سەر چۆنیەتى دەستکردن بەڕێکارەکانى چارەسەرکردنى ئەم زەوییانە، بۆ ئەومەبەستەش کۆبوونەوە بڕیاریدا:-
سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەى کە خاوەنى زەوی سندووقین، لەئەمڕۆوە 2022.12.12 تاکو 2023.2.12، بۆ ماوەى دوومانگ مۆڵەتیان بدرێت بۆ پێشکەش کردنى داوکارییەکانیان بە قائیمقامیەتى سنوورەکەیان بۆ دروستکردنى خانوو و تاپۆکردنى زەوییەکانیان.
جێگەى باسە، ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی بەرچاوو لە هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی و شارەوانییەکانی هەولێر داوای چارەسەرکردنی گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەوی سندووقی دەکەن، هەربۆیە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتى ئەو زەوییانە، ڕێزدار مهسرور بارزانی، سەرۆكى حکومەتى هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بەپێی یاسا و دوای گرتنەبەری رێكارەكان، چارەسەرى گرفتی ئەو زەویانە بکرێت.