بەردى بناغەى چەند پڕۆژەیەکى پەرەپێدان لە کەسنەزان و مەلائۆمەر دانرا
بە گوژمەی (840 ملیۆن دینار) بەردى بناغەى چەند پڕۆژەیەکى پەرەپێدان لە کەسنەزان و مەلائۆمەر دانرا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.2.26، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرى شارەوانى کەسنەزان و ژمارەیەکى دیکە لە هاوڵاتیانى ناوچەکە، بە گوژمەى (840 ملیۆن دینار)، لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و 15%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان، بەردی بناغەی چوار پڕۆژەى خزمەتگوزارى (دروستکردن و کۆنکرێتکردن و قیڕتاوکردنى چەندین شەقامى ناوخۆى گەڕەکەکانى کەسنەزان و مەلائۆمەر و ڕێکخستنەوەى شەقامى گوندى گەڕەسۆر) داندرا، کە بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێدەکرێت.
لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى سنوورى ناحییەى کەسنەزان، ڕایگەیاند: "لەچوارچێوەى بەردەوامى گەیاندنى پڕۆژەکانى خزمەتگوزارى پارێزگاى هەولێر، جگە لەو پڕۆژانەى کە لە سنوورى ناحییەى کەسنەزان ئەنجامدراوە، لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانى پڕۆژەکان و بودجەى تایبەتى پارێزگا، ئاوڕى جیدتر و باشتر لە ناحییەى کەسنەزان و هەموو ئەو شوێنانەى تریش دەدەینەوە کە کەمتر دەستى خزمەتگوزارى و ئاوەدانیان پێگەیشتووە".
گوتیشى: "جارێکى دیکە جەخت لهوه دەکەینەوە هەموو ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریان پێدەگات و خزمەتى زیاتر و باشتریان پێشکەش دەکرێت، بەهیواى ئەوەین ئەنجامدانى ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەش ببێتە مایەى ڕەزامەندیى ئەو خەڵکەى کە شایەنى خزمەتکردنى زیاترن".