پارێزگاری هەولێر، سەردانی ئەو پارێزەرەى کرد کە لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشى کرایە سەر
دواى ئەوەى ئەمڕۆ شەممە 2023.4.15 چەند کەسێک لە هەولێر هێرشیان کرد سەر پارێزەرێک بە ناوی محەممەد یابە سۆفی، نیوەڕۆى ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی ئەو پارێزەرەى کرد.
لە سەردانەکەیاندا، پارێزگارى هەولێر، لە نزیکەوە لە چۆنیەتى ڕیڕەوى چارەسەرییە پزیشکیەکانى کۆڵییەوە و لە دۆخی تەندروستیی پرسی و هیوای زوو چاکبوونەوە و سـەلامەتی و تـەنـدروستەکی باشى بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ چارەسەرکردنی نیشاندا و بەڕێوەبەر و پزیشکانی نەخۆشخانەکەشی ڕاسپارد هەرچی پێویستە بۆ چارەسەرکردنى ئەنجامیبدەن، دڵنیایشی دایە کەس و کار و خانەوەکەى کە دوو لەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر پارێزەرەکە دەستگیرکراون و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە بە دواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی ئەو کەیسە و سزادانیان، گوتیشى: "هیچ کەس ناتوانێت ئەو تۆمەتبارانە داڵدە بدات و لە هەرێمی کوردستان کەس لە یاسا بەرزتر نییە".