پرۆژەی دروستکردنى پردى سندوقى و گۆڕینی ڕێرەوی ئاو و دروستکردنی ڕێرەوی نوێ و فراوانکردنی لە هیران سیتى و نێوان بنەسڵاوە و کەسنەزان دانرا
بە گوژمەى (325 ملیۆن دینار)..
بەردى بناغەى پرۆژەی دروستکردنى پردى سندوقى و گۆڕینی ڕێرەوی ئاو و دروستکردنی ڕێرەوی نوێ و فراوانکردنی لە هیران سیتى و نێوان بنەسڵاوە و کەسنەزان دانرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.4.17، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و جوان فەتحوڵڵا، قائیمقامى قەزایى دەشتى هەولێر و سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرى ئاودێرى هەولێر و بەڕێوەبەرانى شارەوانى کەسنەزان و بنەسلاوە، لە چوارچێوەى بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەکانی پارێزگاى هەولێر و لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسى دروستبوونى لافاو، بە گوژمەى (325 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر بەردى بناغەى پرۆژەی دروستکردنى پردى سندوقى شەش چاوە و گۆڕینی ڕێرەوی ئاو و دروستکردنی ڕێرەوی نوێ و فراوانکردنی لە هیران سیتى و نێوان بنەسڵاوە و کەسنەزان دانرا، کە بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جیبەجێدەکرێ و ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکەش(90) ڕۆژە.
لە بارەى پرۆژەکە کە پێکهاتووە لە گۆڕینی ڕێرەوی ئاو و دروستکردنی ڕێرەوێکی نوێ و دروستکردنى پردى سندوقى شەش چاوە لە ڕێڕەوی هیران ستی و نێوان بنەسڵاوە و کەسنەزان، پارێزگارى هەولێر گوتى: "ئەم شوێنەى کە ئەو پڕۆژەیەى لێ ئەنجامدەدرێت بە بەردەوامى هەم لافاوى لێ دروستبووە و هەمیشە مەترسى لافاوى لە سەر هەبووە، یەکێشە لەو شوێنانەى کە لە ساڵى ڕابردوودا بەهۆى هەر باران بارینێک گرفتى بۆ هیران سیتى و مەترسى لافاوى لە سەر ئەو شوێنە دروست دەکرد، بەڵام سوپاس بۆ خودا بەو پڕۆژانەى کە لە ساڵى ڕابردوودا پێش هاتنی وەرزی زستان و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی دووبارەبوونەوەی لافاو و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی باران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا بوونە هۆکارى کەمکردنەوەى مەترسییەکان".
پارێزگارى هەولێر راشیگەیاند: "وێڕاى دەست خۆشیمان بۆ هەموو تیمەکانى حکومەت لە سەر ئاستى سەرجەم دام و دەزاگان، سوپاسى جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دهكهین بە تایبەتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە بە بەردەمى لە گەڵمان لە سەر هێڵ بووە و بەردەوامیش ئەو پرۆژە و ئەو داواکاریانەى کە لە ساڵى ڕابردوودا هەمانبووە لەسەر فەرمانى جەنابیان بودجەى پێویستى بۆ تەرخانکراوە و جێبەجێکراون کە بریتى بوونە لە پڕۆژەی ستراتیژى و گەورەى وەک دروستکردنى پرد، پۆند و ئاوەڕۆی بەهێزتر، کردنەوەى زیاتر لە 300 کم ڕێڕەوەکانی ئاوى سروشتى باران و فراوانتر کردنیان، دروستكردنی ئاوەڕۆی گەورەى سندووقی و هەڵگرتنى زێدەڕۆییەکان و چەندین پڕۆژەی دیکە، کە هەموو ئەوانەش بەیەکەوە بوونەتە هۆکاری پاراستنی شارەکەمان لە لافاو".