سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانی بازاڕی هەولێر دەکات
شەو سێشەممە 2023.4.18، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بازاڕ و کاسبکاران و ئامادەکارییەکانی هاووڵاتییان بۆ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، سەردانی بازاڕی هەولێری کرد.
لەمیانی سەردانەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چایخانەی مەچکۆ، کە یەکێکە لە چایخانە کلتوورییەکانی شاری هەولێر و دەکەوێتە نزیک قەڵای هەولێر، چاویکەوت بە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و وێڕای هەواڵپرسین و بەدواداچوون بۆ دۆخی ژیان و کاریان، هاووڵاتییان وێنەی یادگارییان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت.
لەوبارەیەشەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشخاڵی خۆی دەربڕی کە ئەمشەو توانیویەتی لەگەڵ هاووڵاتییانی شاری هەولێر بێت و ڕایگەیاند: "زۆر پێخۆشحاڵم و هیوادارم هەمیشە هەروا شادبن و ئەوەی پێمان بکرێت، ئێمە دەیکەین بۆ ئەوەی خەڵک ئاوا بتوانێت بە ئارامی لەم وڵاتە و لەم شارە خۆشەویستەدا بتوانن بێنە دەرەوە. منیش زۆر خۆشحاڵم ئەمشەو توانیم بێم لە خزمەتیاندابم".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 2023.4.16، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەربانگی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لەگەڵ کاسبکار، پیشەوەر، دەستگێر و دوکاندارانی نێو بازاڕی هەولێر کردەوە.