دەستکراوە بەجێبەجێکردنى پڕۆژەکانى چاککردنەوە و قیڕتاوکردنى ڕێگاکانى (گوندی باغەمرە شهاب، کەسنەزا- پیڕەش، دۆڵەزە - باشتەپە - عەلیاوە)
بە گوژمەی ( 835 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگا..
دەستکراوە بەجێبەجێکردنى پڕۆژەکانى چاککردنەوە و قیڕتاوکردنى ڕێگاکانى (گوندی باغەمرە شهاب، کەسنەزا- پیڕەش، دۆڵەزە - باشتەپە - عەلیاوە)
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.8.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و بەڕێوەبەرى چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر و ژمارەیەکى تر لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیاران، پڕۆژەى چاککردنەوە و قیڕتاوکردنى ڕێگای گوندی باغەمرە شهابى بەسەرکردەوە.
لەبەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگارى هەولێر لە نزیکەوە لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەکە و کەم و کوڕى و پێداویستیەکانى کۆڵیەوە و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر و ئەندازیاران و کرێکاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و تەئکیدی لەوەکردەوە ویستى پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندن و پێشکەشکردن و گەیاندنى خزمەتگوزاریییەکان بۆ سەرجەم گوند و قەزا و ناحییە و گەڕەک و شوێنەکانى تر زۆر لەوە زیاترە، ئاماژەى بەوەشدا پارێزگاى هەولێر بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست هەموو هەوڵێکى خۆى خستۆتەگەڕ بۆگەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستى ئاوەدانى بەبێ جیاوازیی لە ناو شار و دەرەوەى شار، بەتایبەتى گەڕەکە هەژار نشینەکان و ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزاریى و ئاوادانیان پێگەیشتووە.
جێگەى باسە، لە چوارچێوەى هەوڵەکانى پارێزگاى هەولێر بۆ باشترکردنی دۆخی ڕێگاوبان و ئاسانکاری بۆ شۆفێران و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتییان، بە گوژمەی ( 835 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەى چاککردنەوە و قیڕتاوکردنى ڕێگای (گوندی باغەمرە شهاب، ڕێگای کەسنەزا- پیڕەش و دۆڵەزە - باشتەپە - عەلیاوە) و لە ئێستاشدا کارکردن لەسەرجەم ئەو پڕۆژانە بەردەوامە.