هەولێر.. شەقامی جووت سایدى کۆنی (هەولێر - کەرکوک) دواى نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنى کرایەوە
هەولێر..
شەقامی جووت سایدى کۆنی (هەولێر - کەرکوک) دواى نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنى کرایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.8.10، لە ژێر چادودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و بەڕێوەبەرى هاتووچۆى هەولێر و بەڕیوەبەرى شارەوانى پێنج و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، لەڕێورەسمێکدا شەقامی جووت سایدى گەڕەکى ڕاستى شارى هەولێر کە بە شەقامى کۆنی (هەولێر - کەرکوک) ناسراوە دواى دروستکردن و قیڕتاوکردنەوەى کرایەوە، کە بەگوژمەی ( 2 ملیار و 162 ملیۆن و 688 هەزار دینار) لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، لەڕێگەى بەڵێندەرایەتیەوە دەست بە جێبەجێکراوە.
لەڕێورەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى بەرنامەکانى خۆى و بە تێگەیشتن و ستراتیژیەتى کارنامەى کابینەى نۆیەم، بە تایبەتى لە دیدگاى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەو دۆخە داراییە سەختەى کە هەبووە توانراوە بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر جێبەجێبکرێت، ئەمڕۆش خۆشحاڵین کە یەکێک لە شەقامە گرنگەکانى شارەى هەولێر کارەکانى بە کۆتاهات کە هەردوو شەقامى سەرەکى 100 مەترى و 120 مەترى بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەو شەقامە جگە لەوەى سودى هەیە بۆ ناوچەى پیشەسازى باشوور، دانیشتوانى هەردوو گەڕەکى ڕاستى و ژینیش سوودمەند دەبن لێى، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە دانیشتووانى هەردوو گەڕەک دەکەین و دڵنیاشیان دەکەینەوە قۆناغى دووەمى شەقامەکە کە لە شەقامى سەرەکى 120 مەترى دەست پێدەکات تاکو گەڕەکى ژین، پلانمان داڕشتووە و پشتیوان بە خودا لە ئایندەدا ئەویش جێبەجێ دەکرێت".
پارێزگارى هەولێر گوتیشى: "دەستخۆشى لە تیمى ئەندازەیی پارێزگا و سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر و ئەندازەى هاتووچۆ و کۆمپانیاى جێبەجێکاریش دەکەین بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکە لەماوەى دیاریکراوى خۆیدا".
جێگەى باسە، شەقامی جووت سایدى گەڕەکى ڕاستى شارى هەولێر کە بە شەقامى کۆنی هەولێر - کەرکوک بە نێو بانگە و بەگوژمەی ( 2 ملیار و 162 ملیۆن و 688 هەزار دینار) لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، لەڕێگەى بەڵێندەرایەتیەوە دەست بە جێبەجێ کردنی کراوە، پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە و هەردوو شەقامی سەرەکی 100 مەتری و شەقامی 120 مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پێکهاتووە لەدوو بەش، بەشی یەکەم (لەشەقامى 100 مەتری تا بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر بە درێژی 900م و بەشی دووەمیشى لە بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر تاکو شەقامى 120 مەترى بە درێژی 1700مەترە، ئەوە جگە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەی بە درێژی 2000م.