پارێزگارى ههولێر، پێشوازى لە كۆنسولی قەتەر لە هەولێر كرد
پارێزگارى ههولێر، پێشوازى لە كۆنسولی قەتەر لە هەولێر كرد
ئەمڕۆ سێشەممە 2023.8.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی له مشعەل ئەلهاجرى، كۆنسولی گشتیی وڵاتى قەتەر لە هەولێر كرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر بەبۆنەى دەستبەکاربوونی وەک کونسڵى وڵاتەکەى لە هەولێر و کردنەوەى کونسڵخانەى قەتەر لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان پیرۆزبایی لێکرد و ئامادەیى هەموو ئاسانکاریەکى نیشاندا بۆ سەرکەوتنى کارەکانیان و گوتى: "لە دڵەوە ئومێدى سەرکەوتن بۆدەخوازین لەکارەکانتدا"، پارێزگارى هەولێر هەروەها ڕۆلی مانگى سوورى قەتەرى و حكومهتی وڵاتەکەى له هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتى ههرێمى كوردستان و پارێزگای هەولێر لە ماوەى ڕابردوودا له كاره مرۆییهكان و پرۆژه خزمهتگوزارییهكان بەرز نرخاند.
لەلایەن خۆیەوە کونسڵى قەتەر لە هەولێر، سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ هەموو ئەوپاڵپشتى و هاوکارییەى پێشکەشیان کردووە و ڕایگەیاند: "ماوەى چەند مانگێکە لە هەولێرم، هەست دەکەم لە ماڵى خۆمم، هەولێر شارێکى ئارام و جوانە و هیواى پێشکەوتنى زیاترتان بۆ دەخوازین، پاشان تیشکى خستە سەر پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتى قەتەر و ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى ئەوەى جەختی لە بەرە و پێشبردنی پەیوەندییە سیاسى و ئابوورى و بازرگانیەکانی نێوان وڵاتى قەتەر و هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان کردەوە، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە پاڵپشتى ڕاستەوخۆى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان گرنگى زۆر دراوە بە بەهێزکردنى پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتان بەتایبەتى لە کەرتى کشتوکاڵ و هەناردەکردنى بەروبوومى خۆماڵى بۆ وڵاتانى دەوروبەر لەم ڕووەشەوە پەیوەندییەکانمان بەرە و پێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها زەمینە خۆشکردن بۆ هاتنى کۆمپانیاکان لەپێناو زیاتر گەشەسەندن و ئاوەدانکردنى کوردستان هیوادارین لەو بوارەشدا سود لە کۆمپانیاکانى وڵاتەکەتان ببینین، دەرگای ئێمەش بەڕووی هەموو ئەو کۆمپانیانە کرایەوە کە دەیانەوێت بێنە هەولێر و کار بکەن، ئێمەش لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان هەموو ئاسانکارییەکیان پیشکەش بکەین".
لەکۆتایدا، کونسڵی وڵاتى قەتەر لە هەولێر، دووبارە سوپاسى پارێزگارى ههولێرى كرد بۆ ئهو پیشوازییهى كهلێیكرا و ئامادەیی خۆى و کونسڵخانە و وڵاتەکەى نیشاندا بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاریان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر.