لە هەولێر... هەڵمەتى نیشتیمانى کۆکردنەوە و لە ناوبردنی پاشماوەی دەرمانی بەکار نەهاتوو و ماوە بەسەرچوو ڕاگەینرا
لە هەولێر...
هەڵمەتى نیشتیمانى کۆکردنەوە و لە ناوبردنی پاشماوەی دەرمانی بەکار نەهاتوو و ماوە بەسەرچوو ڕاگەینرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.8.21، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاککردنی ژینگەى حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لەئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و پزیشک و پسپۆڕان و بەرپرسانى یەکە ئیدارى و کارگێرییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە هەماهەنگى سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر، لە پێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتییان لە ژەهراوی بوونی خاک و پاشماوەی ئاسایی، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێڕاق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر لە ڕێورەسمێکدا پڕۆژەی (هەڵمەتی نیشتیمانی کۆکردنەوە و لەناوبرنی پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچووی ماڵان)ى ڕاگەیاند.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا وێڕاى دەستخۆشى لە بەرێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر و سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى و خاوەنى بیرۆکەى پڕۆژەکە، ڕایگەیاند: "هەندێک بابەت هەیە تەنها بە یاسا و ڕێنماییەکان و ئیجرائات وەرگرتنى دەزگا و فەرمانگە جێبەجێکارەکان ئەنجامى نابێت، بەڵکو پێویستى بە هەڵمەتى نیشتیمانى یەکانگیر هەیە لەگەڵ خواست و ئامانجى خەڵک و دامەزرا و دەزگا فەرمییەکان، بەوشێویە ئەنجامى دەبێت و لەدەرەنجامیشدا مرۆڤایەتى سوودمەند دەبێت، بۆیە پێویست دەکات لە هەڵمەتى وەهادا و بەگشتیى لە پرسى ژینگە پارێزى و سەوزکردنى شار و بە فیڕۆنەدانى ئاو و خۆشویستنى مرۆڤایەتى و یەکتر قەبوڵکردن وپێکەوەژیان و هەموو ئەو بابەتانەى تردا هەڵمەتى نیشتیمانى ڕابگەێنرێت".
لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: "وەک پارێزگاى هەولێر وێڕاى پشتیوانیکردنمان لەو هەڵمەتە، داوا لە هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دەکەین کە یەکەمین هەڵمەتى نیشتیمانییە لە سنوورى شارەکەمان ئەنجامدەدرێت، هاوکار و هەماهەنگبن و هەموو لایەک بەشداربن، بەوهیوایەین ئەم هەڵمەتەش لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و عێراق جێبەجێبکرێت".
جێگەى باسە، (هەڵمەتی نیشتیمانی کۆکردنەوە و لەناوبرنی پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو، یان ماوە بەسەرچووی ماڵان) خزمەتێکى زۆر دەگەێنێت بە هاوڵاتییان و بەمشێوەیە دەبێت:-
1- هەموو ئەو ئۆتومبێلانەى ڕۆژانە لەگەڕەک و شوێنە گشتییەکان زبڵ و پاشماوە کۆدەکەنەوە، شوێنێکى تایبەتیان دەبێت بۆ پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچوو و هاوڵاتییانیش دەرمانى بەکار نەهاتووە و بەسەرچووەکانى ماڵەکانیان لە کیس و زەرفى جیا جیاواز دەکەنەوە لەگەڵ زبڵ و پاشماوەى ترى ماڵەکانیان.
2- لەسەرجەم بنکە تەندروستیی و نەخۆشخانەکان، سەلەى زبڵى تایبەت دیاریکراوە بە پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچوو و بەهامان شێوە هاوڵاتییان دەتوانن دەرمانى بەکار نەهاتووە و بەسەرچووەکانى ماڵەکانیان لەکاتى سەردانیان بۆ ئەو شوێنانە فڕێبەدەنە نێو ئەو سەلە تایبەتانەوە.