پارێزگارى هەولێر بۆ زیارەتکاران: "ئێوە لە وڵات شار و ماڵ و لەنێو کەس و کاری خۆتانن"

پارێزگارى هەولێر بۆ زیارەتکاران:

پارێزگارى هەولێر بۆ زیارەتکاران: "ئێوە لە وڵات شار و ماڵ و لەنێو کەس و کاری خۆتانن"

ئەمشەو شەممە 2023.8.26، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و ئامادەباشى تیمەکانى خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکان، بەیاوەرى نەسروڵڵا ڕەشنودى، سەرکونسولی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، سەردانى پێشانگاى هەولێرى نێودەوڵەتى کرد کە تەرخان کراوە بۆ شوێنى مانەوەى زیارەتکاران.

لەسەردانەکەیدا، کە هەریەک لە سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای حاجی ئۆمەران و بەڕێوەبەرى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و بەڕێوەبەرى کاروباری ناوخۆ و بەڕێوەبەرى ناوەندى قەیرانەکان و نوێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسان یاوەریان بوون، پارێزگارى هەولێر لە نزیکەوە بەدواداچوون لەڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکاران و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و ئامادەباشى تیمەکانی خزمەتگوزاریى و فریاگوزاری کرد و گفتوگۆی لەگەڵ زیارەتکاران کرد و ئومێدى خواست خوداى گەورە نزا و پاڕانەوەکانیان لێ قبوڵ بکات و دوای زیارەتکردنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بەسەلامەتى بگەڕێنەوە شار و وڵاتى خۆیان.

پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا پارێزگاری هەولێر دەست خۆشی لە سەرجەم تیمەکانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، قەیرانەکانی پارێزگا، ئاسایش، پۆلیس، نشینگە، بەرگری شارستانی، تیمە تەندروسییەکان، خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی کرد کە توانیویانە تەواوی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بەو بەشەى زیارەتکارانى ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق بکە کە بەسەلامەتی گەیشتوون بە هەولێرى پایتەخت، پارێزگاری هەولێر هەروەها سوپاسی هەموو ئەو دەزگایانەشی کرد کە هاوکار و هەماهەنگن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و ڕایگەیاند، لەچەند ڕۆژى داهاتووشدا پڕۆسەى هاتنى زیارەتکارانە بەردەوامى دەبێت".

گوتیشى: "وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر هەر لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەران تاکو دواخاڵی پارێزگاکەمان کە بازگەی شێراوەیە بەباشترین شێوە لەئامادەباشیداین بۆ خزمەتکردنى زیارەتکاران و هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش دەکەین و دڵنیاشیان دەکەینەوە ئەوەندەی ئەوان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن، لە وڵات و شار و لە ماڵی خۆیان و لە نێو کەس و کاری خۆیانن".

جێگەى باسە، چەند ڕۆژێکە بەفەرمى پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لەخاڵى سنوورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە بۆ ناوخاکى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت دەستى پێکردووە و تاکو ئێستاش بەچەند قۆناغێک ژمارەیەکی زۆر زیارەتکاران گەیشتوونەتە هەولێرى پایتەخت و دواى ماوەیەک مانەوەیان لە هەولێر بەڕێدەکەون بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.