ئوردن.. پارێزگارى هەولێر سەردانى ئەمینداری گشتی عەمانى کرد

ئوردن.. پارێزگارى هەولێر سەردانى ئەمینداری گشتی عەمانى کرد

ئوردن..
پارێزگارى هەولێر سەردانى ئەمینداری گشتی عەمانى کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.9.3، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە عەمانى پایتەختى وڵاتى ئورده‌ن سەردانى دکتۆر یوسف الشواربە، ئەمینداری گشتی عەمانى کرد.

لە دیدارەکەدا، تەئکید لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و عەمان و پەیوەندی توندوتۆڵى بنەماڵەى شاى ئوردن و سەرکردایەتى و خەڵکى کوردستان بە تایبەتى لەگەڵ جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى کرایەوە.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، باس لە دەرفەت ڕەخساندنى بۆ کۆمپانیاکانی ئەردەن کرا کە لە ئێستادا ژمارەیەک بڕاند و مارکەیى ئوردنى لە هەولێر کاردەکەن، هەروەها گقتوگۆ لە بارەى هەماهەنگى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین و خوێندنى قوتابیانى کورد لە بەشى فڕۆکەوانى کرا لە ئوردەن، پاشان تیشک خرایە سەر زەمینەسازى وڵاتى ئەردەن لە پێشوازیکردنى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان کە بۆ چارەسەرى نەخۆشى و کاروبارى دیکە سەردانى وڵاتەکەیان دەکەن ، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر سوپاسى حکومەت و کونسڵى گشتى وڵاتى ئوردەنى کرد لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر بەفەرمى بانگێشتى دکتۆر یوسف الشواربە کرد بۆ سەردانیکردنى هەولێر، لەلایەن خۆیەوە ئەمینداری گشتی عەمان وێڕاى سوپاسکردنى پارێزگارى هەولێر خۆشحاڵى خۆى بە بانگێشتکردنە فەرمیەکە دەربڕى و تەئکیدى کردووە کە لە ماوەیەکى نزیکدا سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات.