لە پێناو کەمکردنەوەى مەترسی ڕوودان و ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو و ئامادەکارى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو ئەنجامدرا

لە پێناو کەمکردنەوەى مەترسی ڕوودان و ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو و ئامادەکارى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو ئەنجامدرا

لە پێناو کەمکردنەوەى مەترسی ڕوودان و ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو و ئامادەکارى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بە هۆى گۆڕانى کەش و هەوا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا

ئەمڕۆ چوارشه‌ممە 2023.9.20، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، و ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانی پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، لە پێناوکەمکردنەوەى مه‌ترسى ڕوودان و ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو و چارەسەرکردنى هۆکارەکانى دروستبوونى لافاو لە وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و ئامادەکارى لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بە هۆى گۆڕانى کەش و هەوا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر دواى ئەوەى بە دواداچوونى بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانە کرد کە لە ماوەى ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ کەمکرنەوەى مەترسیەکانى ڕوودانى لافاو و چارەسەرکردنى هۆکارەکانى دروست بوونى گیراوەتەبەر، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەش و هەوا و وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و چارەسەرکردنى هەموو ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى بۆ دروستبوونى لافاو و لە هەڵمەتى پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شارى هەولێر و دەوروبەرى بەردەوام بن بە شێوەیەکى گشتیى و بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە مەترسیان هەیە ببنە هۆکارى کۆبوونەوەى ئاو و دروستبوونى لافاو.

پاشان پارێزگارى هەولێر، تەئکیدى لەسەر بڕیارى لادانى زێدەڕۆیی و هەموو ئەو سەرپێچیانە کردەوە کە کراوتە سەر ڕێرەوە ئاویەکان و ڕێگەگرتن لە فرێدانى پاشماوەى بیناسازی و خۆڵ و خاشاکى هاوڵاتییان لە کەند و ڕێرەوەکانى ئاوى سروشتى باران.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونى سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بڕیار و ئەرکەکانیان، ڕایگەیاند: " دواى ئه‌و هەموو هەوڵ و کارەکانەى کە لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لەوەرزى باران بارین لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى گۆڕانکارى کەش و هەوا لەناوچەکەدا کراوە، لە بەرامبەر هەر کەم و کوڕى و کەمتەر خەمییەک کە ببێتە هۆى مەترسى دروستبوونى لافاو و ڕوودانى هەر حاڵەتێکى نەخوازراو، فەرمانگە و لایەنه‌ پەیوەندیدارەکان هەریەکه‌ و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیار دەبێت".

جێگەیى باسە، هەریەک لە یاریدەدەرى پارێزگار، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەرێم، قائیمقامەکانى قەزاى ناوەند، بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکان، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاودێرى هەولێر، بەڕێوەبەری کەشناسى هەولێر ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون.