دەستکرا بە دروستکردن و قیرتاوکردنى شەقامێکى گرنگى 100م لە نێوان 5ى حەسارۆکان و 8ی حەسارۆکان

دەستکرا بە دروستکردن و قیرتاوکردنى شەقامێکى گرنگى 100م لە نێوان 5ى حەسارۆکان و 8ی حەسارۆکان

بە گوژمەى زیاتر لە ( 1 ملیار دینار) لە سەر بودجەى پارێزگای هەولێر..
دەستکرا بە دروستکردن و قیرتاوکردنى شەقامێکى گرنگى 100م لە نێوان 5ى حەسارۆکان و 8ی حەسارۆکان

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.9.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەزعەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى دروستکردن و قیڕتاوکردنى سایدێکى شەقامێکى گرنگى 100مەترى لە نێوان 5ى حەسارۆکان و 8ی حەسارۆکان بەسەرکردەوە، کە بەگوژمەی (1 مليار و 74 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و بە شێوەی بەڵێندەرایەتى دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.

پارێزگارى هەولێر، لە بەسەرکردنەوەکەیدا لە نزیکەوە لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەکە و کەم و کوڕى و پێداویستیەکانى کۆڵیەوە و وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى سنوورەکە، دەستخۆشی لە ئەندازیاران و کرێکار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و ڕایگەیاند: "ئەم شەقامە کە شەقامێکى گرنگ و ستراتیژیه، جگە لەبەستنەوەى گەڕەکى 5ى حەسارۆکان بە جووت سایدى 60 مەترى 8ی حەسارۆکان، هەردوو گەڕەکیش بە شەقامى سەرەکى کەسنەزان - کۆیە دەبەستێتەوە و ئاسانکاریی و خزمەتێکى زۆر پێشکەش بەهاتووچۆى هاوڵاتییانى ناوچەکە دەکات".

گوتيشى: "ئەو پڕۆژیە بەشێکى دیکەیە لە گەیاندى ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى کە لە ساڵى ڕابردوودا لە 8ى حەسارۆکان جێبەجێکراون، لەوانە دروستکردن و قیڕتاوکردنى شەقامێکى دووسایدى 60 مەترى و لێدانى چەند بیرێکى ئاو، لە ئایندەشدا نەخۆشخانەیەک لە8ى حەسارۆكان دروست دەکرێت، دڵنیایشی بە هاوڵاتییانى ناوچەکە دەدەین لەگەڵ ئەو بارودۆخە داراییە سەختەى تێیداین، لە چوارچێوەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەئایندەدا بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست بەردەوام دەبین لە تەواوکردنى سایدى دووەمى شەقامەکە".