لە هەولێر.. قوتابخانەى (زادە)ى 12 پۆلى بنەڕەتى تێکەڵاو لەپیڕەش کرایەوە
لە هەولێر..
قوتابخانەى (زادە)ى 12 پۆلى بنەڕەتى تێکەڵاو لەپیڕەش کرایەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.9.24، هەریەک لە ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و لقمان سعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا قوتابخانەى (زادە)ى 12 پۆلى بنەڕەتى تێکەڵاویان لەپیڕەش شارى هەولێر کردەوە، کە بەگوژمەى (367 ملیۆن و 500 هەزار دینار ) لەلایەن کۆمپانیاى 77 دروستکراوە.
لەڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرى ناحییەى کەسنەزان و بەڕێوەبەرى پەروەردەى دەوروبەر و ژمارەیەکى دیکە لە سەرپەرشتیارانى پەروەردەیی و مامۆستایان ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر و وەزیرى پەروەردە بەشێک لە هۆڵەکانى خوێندنى قوتابخانەکەیان بەسەرکردەوە، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا وێڕاى پیرۆزبایی لە قوتابیان و مامۆستایانى قوتابخانەکە و خەڵک و دانیشتوانى ناوچەکە، ئاماژەى بەوەدا کە کردنەوەى ئەم قوتابخانەیە لەو ناوچهیهدا بە کارێکى گرنگ و پێویست دەزانین و هەنگاوێکى تریشە بە ئاڕاستەى پەرەپێدانى زیاتر بەکەرتى پەروردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان بەگشتى و هەولێرى پایتەخت، هەروەها دەست خۆشى لە کۆمپانیایى جێبەجێکار کرد بۆ دروستکردنى قوتابخانەکە و ڕایگەیاند: "ئومێد دەکەین پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە بە هەوڵ و کۆششى مامۆستایانى بەڕێز سەرکەوتنى زیاتر و دەرەنجام و دەستکەوتى بەرزى زانست پتر بۆ قوتابیان و خوێندکاران بەدەستبهێنێ".